سلێمانی
نرخی گۆشت و مریشك بەرز بووەتەوە
سلێمانی – رازاو محەمەدئەمین
لە شاری سلێمانی نرخی گۆشت و مریشك بەرز بووەتەوە، بەجۆرێك گۆشتی مەڕ بە 26 هەزار دینار دەفرۆشرێت و نرخی مریشكیش گەیشتووەتە سەروو چوار هەزار دینار.
ئەحەد شارەزا، مریشکفرۆش قسەی بۆ 964 کرد و وتی، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك، ناردنی بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكانە بۆ باشووری عێراق، كە وای كردووە دابینكردنی بازاڕی ناوخۆ كەم ببێتەوە و نرخەكان بەرز بن.
لە هەمان كاتدا، تەها قەرەداغی گۆشتفرۆشە و باسی لەوە کرد، نرخی گۆشت ئێستا لەنێوان ٢٦ هەزار تا ٢٧ هەزار دینارە، بە وتەی ئەو، كەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ هۆكاری سەرەكی گرانبوونی گۆشتە و دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونی نرخەكانەوە، زۆربەی قەسابەكان ناتوانن بڕی پێویست گۆشت بۆ فرۆشتن دابین بكەن، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و هاوڵاتییان هەیە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر