دەریاچەی دوکان ئێسک و پروسکی دانیشتووانی ناوچەکە هەڵدەداتەوە

964+
ژێوار خدر – راپەڕین

گردی شمشارەیە لە راپەڕین و نزیک لە دەریاچەی دوکان، بۆ ماوەی 10 هەزار ساڵی رابردوو خەڵکی تیادا ژیاوە. لەم ساڵانەی دواییدا، وادیارە هاوڕێ لەمێژینەکەیان بیریان بکات. دەریاچەی دوکان هاوینان دێت و لە دەرگایان دەدات، بەڵام هیچی دەستناکەوێت جگە لە ئێسک و پروسکەکانیان

دەستپێکی ژیان لەسەر ئەم گردە هاو قۆناغ بووە لەگەڵ گوندی چەرمۆ و بێستانسوور. تا ئێستا 16 چینی شوێنەواریی جیاجیا لە شمشارە دۆزراونەتەوە، هەر چینە و بۆ سەردەمێکی تایبەت دەگەڕێتەوە. ئەم گردە هێندە پڕ ژیان بووە، تەنانەت 140 تابلێتی قوڕینی تیا دۆزراوەتەوە، واتە نووسین و هێما و هونەری دانیشتووانەکەی.

لەم ناوچەیەدا چەندین گردی شوێنەواری دیکەش هەن، هەندێکیان بە تەواوەتی کەوتوونەتە ژێر ئاو، هەندێکیان ساڵانە دەردەکەونەوە و پەیامی ئەوە دەدەن بە گوێماندا کە هەرێمی کوردستان لانکەی شارستانیەتە گەورەکانی مرۆڤایەتیە.