بۆ هایبرێدەکان چارەسەرە
ئیدی پێویست بە راکێشانی وایەر ناکات “ئوجرەی شەحن” بۆ تاکسی گەیشتە بازاڕ
وریا فەتاح
بۆ شۆفێرانی تاکسی، داهێنانێکی نوێ لە بازاڕەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێلدا پەیدا بووە، کە شۆفێران لە کێشەی بڕین و راکێشانی وایەری کارەبا رزگار دەکات و نرخەکەشی گونجاوە.
رەنجدەر بەکر، خاوەنی دوکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل بە 964ـى راگەیاند، ئەم جۆرە نوێیەی نیشانەی تاکسی (ئوجرە) بەبێ وایەر و تەنیا بە شەحن کار دەکات. بە یەک جار شەحنکردنەوە، 6 بۆ 8 کاتژمێر بەردەوام دادەگیرسێت و بەهۆی هەبوونی موگناتیسێکی بەهێزەوە، بە توندی بە سەقفی ئۆتۆمبێلەکەوە دەنووسێت.
یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی ئەم ئوجرەیە ئەوەیە کە بۆ ئۆتۆمبێلە “کارەبایی و هایبرێدەکان” زۆر گونجاوە، چونکە پێویستی بە دەستکاریکردنی وایەری بەگلایت و سیستەمی کارەبای سەیارەکە نییە، بەمەش شۆفێر لە گرفتە تەکنیکییەکان و “شۆرت” پارێزراو دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح