قایمقام؛ لیژنە دەنێرین

لە گوندی ئاڵانەی خەلیفان دیواری قوتابخانەیەک روخاوە

ئاکام غەفوور – سۆران

بەهۆی باران بارین دیواری حەوشەی قوتابخانەی گوندی ئاڵانەی سەر بە قەزای خەلیفان رووخاوە، مەترسی هەیە کە بەشێکی تری دیوارەکەش بڕوخێت.

ئەو دیوارەی کە روخاوە درێژیەکەی 15 مەتر دەبێت، لەگەڵ دەست پێکردنەوەی دەوام ئەگەر چارە نەکرێت مەترسی هەیە دیوارەکانی تریش بڕوخێن و زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.

قوتابخانەکە جگە لە قوتابیانی گوندەکە، نزیکەی 10 گوندی تریش سودی لێ دەبینن بۆ خوێندنی قۆناغی ئامادەیی.

964 ئەو بابەتەی گەیاندە مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، ئەو باسی لەوەکرد، کە تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراونەتەوە لەو بابەتە.

بەڵام وەکخۆی وتی، لیژنەیەک لە پەروەردە دەنێرن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن و کاری لەسەر بکرێت کە بە زووترین کات چاک بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا