بازاڕی بیارە نوێدەکرێتەوە

+964

دیلان محەمەد جەزا

شارەوانیی بیارە پڕۆژەی رێگاسازی بیارەی دەستپێکردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا ناو بازاڕەکەی بەردڕێژ کردووە و ئێستا حه‌وزێک لە ناوەڕاستی بازاڕەی بیاره‌دا دروست دەکرێت.

حەمید بارام قائیمقامی بیارە بە 964 وت، بڕی 250 ملیۆن دینار دابین کراوە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە و راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

لە قۆناغی یەکەمدا بەشی سەرەوەی بازاڕەکە بەردڕێژ کرا، لە قۆناغی دووەمدا زەوییەکە بەردڕێژ دەکرێت و حەوزێک لە ناوەڕاستی بازاڕەکەدا دروست دەکرێت.

“پێشنیار کراوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە ناو بازاڕی بیارەدا رابگیرێت، بەڵام کەسابەتی دوکاندارەکان لەسەر ئەو شەقامەیە، ناتوانرێت ئەو پێشنیارە جێبەجێ بكرێت”، حه‌مید بارام وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، توانراوە کەرتی گەشتوگوزار بەرەو پێش ببرێت لە ناحیەی بیارەدا، ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردووە.

لە بازاڕی ناحیەی بیارەدا 150 دوکان و کۆشک بوونیان هەیە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا