هەولێر

شیرینییەکانی یادی مەولود، شەکرە و زەختى هاوڵاتیانی بەرز کردەوە

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لە یادى مەولود، ناوبازاڕى شارى هەولێر پڕبوو لە شیرینى خێر، بەشێک لە هاوڵاتیانیش تا پێیانکرا شیرینیان خوارد، بەڵام شیرینییەکى بۆ تەندروستى ژمارەیەک هاوڵاتى گۆڕا بۆ تاڵى و شەکر و زەختیان فڕى.

پەیمانگای (CMC)ـی شاری هەولێر، چەند تیمێکی پزیشکیی رەوانەی ناو بازاڕ و بەردەم قەڵا کردووە، تاوەکو بەبێ بەرامبەر پشکنین بۆ هاوڵاتیان بکەن.

هێرش هەژار، کە پەرستارێکی پەیمانگاکەیە، بۆ 964 باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت، “بەهۆی گەرمای کەشوهەوا و خواردنی بڕێکی زۆری شیرینی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، زۆربەی ئەوانەی هاتوونەتە لامان زەخت و شەکرەیان فڕیوە، یان بەهۆی ماندووبوونەوە زەختیان دابەزیوە.”

تیمە پزیشکییەکان تەنیا تا کاتی نیوەڕۆ، پشکنینیان بۆ زیاتر لە 300 کەس کردووە، کە پشکنینەکانی (زەخت، شەکرە و رێژەی خوێن) لەخۆدەگرێت و سەرجەمیان بێ بەرامبەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ هەر حاڵەتێکی کتوپڕ و نەخوازراو، ئامبوڵانسێکی فریاگوزارییان لە شوێنەکە ئامادە کردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح