مۆلیدەیەک تەقییەوە و دوو کەس بە سەختی بریندار بوون

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەم نیوەڕۆیە لە سەنتەری پارێزگای دهۆک مۆلیدەیەکی کارەبا تەقییەوە و بە هۆیەوە دوو کەس بە سەختی بریندار بوون.

شاهید حالیکی رووداوەکە بە 964ی وت، “خۆم بینیم کە چۆن دوو کارمەندەکە هەڵدەهاتن و ئاگر بە لاشەیانەوە بوو، بە راستی کارەسات بوو، تەنیا زیانی ئەوە بووە دوو کەسەکە بریندارن.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە 964ی وت، “لە نزیک باخچەی ئاژه‌ڵانی دهۆک کافتیریایەک هەیە، لە دەرەوەی كافیتریایه‌كه‌ خاوەنەکەی مۆلیدەیەکی کارەبای بۆ خۆی داناوە لە پڕێکدا تەقیوه‌ته‌وه‌ و دوو کارمەندی کافتریاکە لەوێ بوون و کاریان تێدەکرد و بە ئاگرەکەوەی سووتاون، ئێستا رەوانەی نەخۆشخانە کراون و دۆخیان باش نییە.

وتیشی، تا ئیستا دیار نییە هۆی تەقینەوەکە چی بووە، به‌ڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، ئه‌و دوو كه‌سه‌ی بریندار بوون خێزاندارن و خەڵکی پارێزگای دهۆکن .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا