لە خورماتوو

جوتیارێکی گەنج مار پێوەیدا و گیانی لەدەستدا

964+
سیروان خورشید – خورماتوو

​لە گوندی “کۆکز”ـی سەر بە قەزای خورماتوو جوتیارێکی گەنج کە تەمەنی تەنیا 24 ساڵ بوو،  لە زەوییە کشتوکاڵییەکەیدا مار پێوەیدا و گیانی لەدەستدا.

​عەبدوڵا عومەر، مامی ئەو گەنجە بە 964ـی وت،”برازاکەی لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی سەرقاڵی هەڵکۆڵینی بیر بوون، لە کاتی کارکردندا مارێک پەلاماری داوە و پێوەیداوە،  هەرچەندە زوو هەوڵی رزگارکردنی درا، بەڵام ژەهرەکە بە خێرایی بە جەستەیدا بڵاوبووەوە”.

“دەستبەجێ بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکوک کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە”، عەبدوڵا عومەر وای وت.

هەر لەسەر ئەو رووداوە، ئەسعەد مەجید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە 964ـی وت، ” گەنجەکە بە بارودۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپەوە گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتن، چونکە کاتێکی زۆر بەسەر پێوەدانەکەدا تێپەڕ ببوو و ژەهری مارەکە کاریگەری زۆری لەسەر ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی دروستکردبوو، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، بەڵام گیانی لەدەستدا”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری