عەرەبانەی تریشقە و پیانۆ لە سلێمانی دادەنرێت

دیلان محەمەد جەزا

بە مەبەستی رازاندنەوەی شەقامەکان، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دوو عەرەبانەی تریشقە و پیانۆیەک، چەرخەیەک وعەرەبانەیەکی دەستی، کە لە تەختە دروستکراون، دانا.

بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت، بۆ جوانترکردنی سیمای بلوارەکان لە هەریەکە لە شەقامی پارکی ئازادی و چەند جێگەیەکی بلوارەکانی پارکی مەلیک مەحمود، ئەو ئینجانانە دادەنرێن.

بە شێوەیەکی زانستی دادەنرێن و سیستمی ئاودێری بۆ دادەنرێت و گڵی تێدەکرێت و گۆڵی تێدا دەڕوێندرێت، بەهرۆز سالار وادەڵێت.

بۆ یەکەمجارە لەو شێوە ئینجانانە لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی دادەنرێن، بڕیارە ئەو پڕۆژەیە بەردەوام بێت و زیاتریش دروست بکرێن.

سەرجەمیان لە تەختە دروست کراون و بە ماددەیەک رووپۆش کراون، بۆ ئەوەی بەرگەی تەڕبوون و سەرما بگرن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا