دانیشتوانی پڕۆژەی میر سیتی لە دوکان 10 ساڵە چاوەڕوانی یەکەکانیانن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
دانیشتوانی پڕۆژەی میر سیتی لە دوکان دەڵێن 10 ساڵە چاوەڕوانی یەکەکانیانن و بەرپرسانی پرۆژەکەش دەڵێن، قەبرستانێک بووەتە هۆکاری دواکەوتنی کارەکانیان.
پڕۆژەکە لە 360 خانوو و 210 شوقە پێکدێت، 50 خانوویان تەواو کراون و دراون بە کەسوکاری شەهیدان، ئەوانی تر هەندێکیان هەیکەلن و هەندێکیان هێشتا هەر زەوین.
دانا عەلی، کڕیاری پڕۆژەکە بە 964ـى راگەیاند، هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ پڕۆژەکە نەکراوە، خەڵک هەیە خۆی خانووەکەی تەواو کردووە بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانیەوە ناتوانێت بچێتە ناویەوە.
پڕۆژەکە هی کۆمپانیای بەڕێزە، یەکێک لە بەرپرسەکانی دەڵێت هۆکارێکی تەواو نەکردنی پڕۆژەکە نەفرۆشرانی یەکەکانیەتی و هۆکارێکی دیکەشی بۆ بوونی گۆڕستانێک دەگەڕێنێتەوە کە ئاوەڕۆی پڕۆژەکەی پێدا دەڕوات و دەبێت بگۆڕدرێت.
توانا عومەر، ئەندازیار و جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەڕێز بە 964ـى راگەیاند، سایتپلانی پڕۆژەکەيان لەبەر گۆڕستانەکە گۆڕیوە و چاوەڕوانی رەزامەندی وەبەرهێنانی سلێمانین دەستبەکار بکەنەوە.
وتیشی “لە پڕۆژەکەدا شوقەکان لابراون چونکە کڕیاریان نیە و دروست ناکرێن”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن