عامودا

قاوەخانەی “کەوی” یادەوەری شارێک کە لەنێو دیوارە قوڕینەکاندا خۆی حەشارداوە

ئیبراهیم حەسەن – عامودا

لە ناوەڕاستی شاری عامودا، قاوەخانەی “کەوی” هێشتا تایبەتمەندییە کۆنەکانی خۆی پاراستووە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیارترین بەڵگە زیندووەکانی مێژوو و یادەوەریی کۆمەڵایەتیی شارەکە.

ئەم قاوەخانەیە کە یەکێکە لە کۆنترین قاوەخانەکانی عامودا، بینا نەریتییەکەی خۆی کە لە خشت و قوڕ دروستکراوە، لەگەڵ سەقفێکی دارین؛ بە دوور لە سیما و گۆڕانکارییە نوێکان کە زۆربەی شوێنە کۆنەکانی شارەکەی گرتووەتەوە.

سەرچاوەکان لە دیاریکردنی ساڵی دامەزراندنی جیاوازن؛ هەندێک ریوایەت ئاماژە بە ساڵی 1954 دەکەن، لە کاتێکدا سەرچاوەکانی دیکە ساڵی 1965 دەهێنن، بەڵام ئەوەی دڵنیاییە ئەوەیە کە ئەم قاوەخانەیە زیاتر لە نیوە سەدەیەک تەمەنی هەیە و لە ژیانی نەوە بە دوای نەوەی دانیشتووانی عامودا بەردەوام ئامادەی هەبووە.

قاوەخانەکە هەر لە کۆندا و هەتا ئێستاش شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی شارەکەیە، بە تایبەتی بەساڵاچووان، سەردانیکەران لە دەوری پیاڵەکانی چا و فنجانەکانی قاوە و یاریی وەرەقە کۆدەبنەوە، و گفتوگۆ، یادەوەری و گاڵتەوگەپ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن.

“کەوی” تەنیا شوێنێک نەبووە بۆ خواردنەوەی چا و قاوە، بەڵکو لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی عامودا، زۆرێک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، نووسەر و شاعیر و کەسایەتییە گشتییەکان لەسەر مێزەکانی دانیشتوون و دیوارەکانی چیرۆکی نەوەیەکی تەواوی دانیشتووانی شارەکە و میوانەکانی هەڵگرتووە.

گرنگترین تایبەتمەندیی قاوەخانەکە ئەوەیە کە هەرگیز هەوڵی نەداوە ببێتە شوێنێکی مۆدێرن، بەو شێوەیەی خەڵکی عامودا دەیانناسی، بە دیوارە قوڕینەکانی، کەشوهەوای گشتی و نەریتییەکەی و مێزە سادەکانی، هەر وەک خۆی ماوەتەوە، بۆیە زۆر کەس ئەمە تەنیا وەک قاوەخانەیەک نابینن، بەڵکو شوێنێکە کە لە گۆشەکانییدا وردەکارییەکانی مێژووی شارەکە هەڵگیراوە.

قاوەخانەی “کەوی”، تەنیا قاوەخانەیەکی کۆن نییە، پارچەیەکە لە عامودای کۆن، و یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتییە کە هێشتا هەموو رۆژێک بەخێرهاتنی سەردانیکەرانی خۆی دەکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا