کاروان لەنێوان دوو گەنج دانیشتووە فۆرمەکەیان بۆ پڕدەکاتەوە. وێنە:964+
گەنجێکی هەولێر نزیکەی 350 فۆرمی کرێنشینانی بە خۆبەخشی پڕکردووەتەوە
فەهمی نەبی
گەنجێکی هەولێر بەشێوەیەکی خۆبەخش، رۆژانە کاتەکانی خۆی تەرخانکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو فۆرمەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاندووە، خۆی دەڵێت، “نزیکەی 350 فۆرمم پڕ کردووەتەوە”.
کاروان حەسەن گەنجێکی دەرچووی زانکۆیە لە هەولێر، بەوتەی خۆی ئەوە دووەمجارە بەشێوەی خۆبەخشانە فۆرمی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان پڕ دەکاتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، رۆژانە تا 25 فۆرم پڕدەکاتەوە بۆ هەر فۆرمێک 20 خولەکی پێدەچێت.
کاروان حەسەن، رۆژانە لە چایخانەیەکی شەقامی شۆڕش دادەنیشێت، بە تەلەفون وادەی هەموو ئەوانە رێکدەخات کە پێویستیان بە پڕکردنەوەی فۆرمەکەیە و لەو چایخانەیە دەیانبینێت و فۆرمەکەیان بۆ پڕ دەکاتەوە.
جاری پێشوو کاتێک حکومەت پڕۆژەی دروستکردنی شوقەی کرێنشینانی راگەیاند دەڵێت، هەزار و 800 فۆرمی بۆ کرێنشینانم پڕکردووەتەوە.
کاروان حەسەن ئەوەش دەڵێت، “بەبێ وەرگرتنی هیچ پاداشتێک ئەو کارە دەکەم، فۆرمێکی 40 پرسیاریم ئامادەکردووە، پێشتر دەبێت ئەو کەسە فۆرمە بخوێنێتەوە، هاوکات کە لەگەڵی دانیشتم دەبێت دڵنیابمەوە کە سوودمەند نەبووە، ئینجا فۆرمەکەی بۆ پڕدەکەمەوە”.
ئەو گەنجە خۆبەخشە لەرێگەی 964 دەڵێت، لەو ماوەییەی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە ماوە، هەر هاوڵاتییەک پێویستی بە پڕکردنەوەی فۆرمەکە هەبێت با پەیوەندیم پێوە بکات بەم ژمارەیە 07501996064
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رۆژی چوارشەممە، ئاگاداریەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات، پارە نەدەنە نوسینگەکان بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان.
رۆژی 8.8.2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لینکێکی کارا کرد بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.
لەم لینکەوە دەتوانن فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان پڕ بکەنەوە.