بۆ پزیشكى دادى سلێمانى ره‌وان كرا
ته‌رمه دۆزراوه‌كه‌ى رانیه خاوه‌نى بۆ په‌یدا بوو
964+
ژێوار خدر – رانیه
ئه‌و ته‌رمه‌ى سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له ئاوى ده‌ربه‌ندى رانیه دۆزرایه‌وه، كچێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵى خه‌ڵكی رانیه بووه.
دواى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى رانیه كرا و له‌وێش خێزانێك كه چه‌ند رۆژێكه كچێكیان ونبووبوو، ده‌ڵێن، خاوه‌نى ئه‌و كه‌سه خنكاوه‌ن.
نه‌ژاد عه‌لى، كه‌سێكی نزیكى ئه‌و خێزانه بۆ 964 دووپاتیكرده‌وه كه ئه‌وه كچى ئه‌وانه و وتیشى، كچه‌كه‌یان له رۆژى هه‌ینى رابردووه‌وه ونبووه، و پۆلیس و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیشان له ونبوونى ئاگادار كردبووه‌وه.
روونیشیكرده‌وه “كچه‌كه‌مان له‌رووى ده‌روونییه‌وه ته‌واو نه‌بووه، هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ردانى پزیشكى ده‌روونیان كردووه”.
به‌پێی زانیارییه‌كانى ده‌ست 964 كه‌وتووه، ته‌مه‌نى ته‌رمه دۆزراوه‌كه 25 ساڵه و هه‌مان ته‌مه‌نى ئه‌و كچه‌یه كه خێزانه‌كه لێیان ونبووبوو.
خێزانه‌كه له‌گه‌ڕه‌كى راپه‌رینى شارى رانیه نیشته‌جێن و رۆژى هه‌ینى پۆلیس پێی وتبوون له رێگه‌ى كامێراى چاودێرییه‌وه بینراوه كه به‌ره و ئاڕاسته‌ى قه‌ڵادزێ چووه.
قه‌ڵادزێ، سه‌ر به ئیداره‌ى راپه‌ڕین كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ى ده‌ربه‌ندى رانیه كه كچه خنكاوه‌كه‌ى لێ دۆزراوه‌ته‌وه.
عه‌لى قادر، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى راپه‌ڕین، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، باسی له‌وه كرد كه ته‌رمه‌كه‌یان ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى سلێمانى كردووه، چونكه ده‌ڵێت “به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ى له‌ناو ئاودا ماوه‌ته‌وه، تێكچووه، ده‌مانه‌وێت بزانین هۆكارى سه‌ره‌كى خنكانه‌كه‌ى چییه”.
بە پێی ئه‌و ئامارەى 964 له به‌دواداچوونى رووداوه‌كانى خنكان ده‌ستيكه‌وتووه، له ماوه‌ى حه‌وت مانگى ئه‌مساڵدا 63 کەس له‌ناوچه جۆراوجۆره‌كانى هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك له‌ناو ئاوه‌كاندا خنكاون.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن