لە بەسڕە روویداوە
فیلم نییە و راستییە؛ بە چەکەوە دەچنە سەر مارکێتێک و دزی دەکەن
پەری ساڵح
هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی فریاکەوتن و نەهێشتنی تاوان لە پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە توانییان یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە چەکدارە دەستگیربکەن کە هێرشیان کردبووە سەر مارکێتێک لە گەڕەکێکی بەسڕە، ئەمەش تەنیا پێنج کاتژمێر دوای ئەنجامدانی تاوانەکە.
راگەیاندنی پۆلیسی بەسرە ڤیدیۆکەی لە کامێرای چاودێرییەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “دوای بەدواداچوونی ورد، تۆمەتبارەکە لەگەڵ ئەو چەکەی لە تاوانەکەدا بەکاریهێنابوو دەستگیرکرا و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ رێوشوێنی یاسایی”.
بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا، ئەو چەکەی پێبووە کە لە جێبەجێکردنی تاوانی دزینی مارکێتەکەدا بەکاریهێنابوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی چەکەکە، سەرجەمرێوشوێنە یاساییەکان لە دژی تۆمەتبارەکە گیرانەبەر و رەوانەی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان کرا بۆ تەواوکردنی سزاکەی.
فەرماندەیی پۆلیس جەختیشی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی ئەو باندە چەکدارە.