هاتوچۆی هەڵەبجە بەنێودەوڵەتیکردنی مۆڵەتی شۆفێری راگەیاند

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە لە ئەمڕۆوە دەتوانن مۆڵەتی شۆفێرییەکانیان بکەن بە نێودەوڵەتی و راستەوخۆ لەهەمان رۆژدا مۆڵەتەکەیان پێدەدرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20.8.2023، رائید فوئاد ئەحمەد، ئەفسەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی مۆڵەتی شۆفێرییەکانیان کە بە سێ پاکێج بەردەستە.

تێچووی ئەو جۆرەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی، کە تا یەک ساڵ بەسەرناچێت، 60 هەزار دینارە، بۆ دوو ساڵ بە 120 هەزار و بۆ سێ ساڵیش بە 160 هەزار دینارە.

لەبارەی مەرج و رێنماییەکان، رائد فوئاد وتی “مەرجە ئەو کەسانەی دەیانەوێ مۆڵەتەکەیان بکەن بە نێودەوڵەتی، مۆڵەتەکەی خۆیان پێبێت و هەروەها پاسپۆرت و دوو وێنە بهێنن لەگەڵ خۆیان”.

تاوەکو ئێستا، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 15 هەزار مۆڵەتی شۆفێری دراوە بە هاوڵاتیان لە هەرسێ جۆری تایبەت و گشتی و ماتۆڕسکیل.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر