دەزگای ئاسایشی هەرێم:
“لە خورماڵ ئەمیرێک و ژمارەیەک ئەندامی داعش دەستگیر کران”
شۆڕش قادری
دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، شەوی رابردوو لە خورماڵ ئەمیرێکی داعش دەستگیر کرا، پێشتریش 22 ئەندامی نهێنی ئەو گروپە بە ژمارەیەک چەکوچۆڵەوە دەستگیر کراون کە بەنیازبوون لەم مانگەدا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەئۆپراسیۆنێکدا دوای رووبەڕووبونەوەی چەکداری، کاتژمێر 23:20 خولەکی شەوی رابردوو لە خورماڵ، توانیان ئەمیرێکی شەرعی داعش دەستگیر بکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی 96 کاتژمێردا بەفەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایش، بەماددەی (٢)ـی تیرۆر لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، توانیان دوو مەفرەزەی چەکداری داعش دەستگیر بکەن و لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی نهێنی داعش کە کۆی گشتیان دەکاتە (22) کەس.
لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس و مامناوەند و بچوک و بۆمبی دەستی و دووربینی سەربازی و تەقەمەنی کەبەنیازبوون لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا چەند کردەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن
لەئێستادا سەرجەمیان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە و سەرجەم بەڵگە و زانیارییانەکان لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و دادوەری لێکۆڵینەوەدایە.
شەوی رابردوو لەکاتی دەستگیرکردنی ئەمیرەکەی داعش تەقە روویداوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکە بەبێ زیانی گیانی کۆتایی هاتووە.
راشیگەیاندووە، هەموو ئەو کەسانەی دەستگیر کراون کوردن و لە داهاتوویەکی نزیکدا، کۆی گشتی دانپێدانان و سەرجەم بەڵگەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.