ئاگر لە چەند گوندێکی سنوری دوکان کەوتووەتەوە

دیلان محەمەد جەزا

لەبەیانیەوە ئاگر لە چەند شوێنێکی جیاوازی سەربە قەزای دوکان کەوتووەتەوە، ئێستا لە گوندی تەلان و کانی سارد ئاگر بەشێوەیەکی بەرفراوان کەوتووەتەوە.

سیروان لالە سەرحەد قائیمقامی دوکان بە 964ـی وت، لە سەرلەبەیانییەوە ئاگر لە ناحیەی خەلەکان و خدران و بنگرد و سورداش کەوتووەتەوە، دواهەمین ئاگریان لە تەلانە لە سنوری ناوەندی قەزای دوکانە.

ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و هاوڵاتیانی ئەو سنورە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی رەشەباوە کۆنتڕۆڵی ئەستەم بووە.

داوای هاوکاری لە رانیە کراوە تیمی بەرگری شارستانی ئەوێش گەیشتونەتە لایان، داوای هاوکاری لە کۆیە کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاگر لە تەقتەقیش کەوتوەتەوە سەرقاڵی ئەوێن.

لە رووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی سنوری ناحیەی بنگرددا سێ هاوڵاتی بەشێکی جەستەیان سوتاوە، رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە ئاگرەکەی سنوری ناحیەی خەلەکان هاوڵاتیەک توشی تەنگە نەفەسی بووە.