میدیای فەرمی عێراق:

هەرێمی کوردستان زیاد جەنابی پەرلەمانتاری عێراقی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە کە دوای دەستگیرکردنی لە هەولێر ، هەرێمی کوردستان زیاد جەنابی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە.

بە پێی سەرچاوەیەک کە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، هەنگاوی رادەستکردنی پەرلەمانتار زیاد جەنابی، دوای ئەوە هات کە ناوبراو لە شاری هەولێر دەستگیرکرابوو.

پێشتر، سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە 964ـی راگەیاند بوو، هێزێکی تایبەت کە پێکهاتووە لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی کەرکوک، دوو لیژنەی دەستەی دەستپاکی بەغدا، لەگەڵ هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا، لە خاڵێکی پشکنینی هاوبەش لە نێوان هەولێر و کەرکوک وەستاون و چاوەڕێی هێنانی دەستگیرکراوەکان دەکەن لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی زانیارییەکانى سەرچاوەکەی 964، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە نێوان سێ بۆ هەشت کەس بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان بە تەواوی پشتڕاست کراوەتەوە کە پێکهاتوون لە:

زیاد تارق جەنابی: سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق.

محەمەد جەمیل مەیاحی: پارێزگاری پێشووی واست و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق.

عەلا موحسین جومەیلی: بەڕێوەبەری نووسینگەی عەدنان جومەیلی (کە پێشتر بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجی بوو و دواتر کرا بە بەرپرسی کۆگاکانی پاڵاوگەکە).