وێنەی کۆژیار سوارە یاریزانی تیپی تۆپی پێ ی لاوانی یانەی وەرزشی ئاشتی.وێنە:سۆشیال میدیا
لاوێکی سلێمانی بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یاریزانێکی لاوی تیپی تۆپی پێی یانەی ئاشتی بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا.
کۆژیار سوارە، یاریزانی تیپی تۆپی پێی لاوانی یانەی وەرزشی ئاشتی، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی کردووە، لەلایەن عیماد محەمەدی راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەکە کراوە.
کۆژیار سوارە بە 964ـی راگەیاند، هەستێکی خۆشی هەیە بەم بانگهێشتکردنەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق و سوپاسی راهێنەرەکەی و باوکی دەکات بۆ ئەوەی کە هەمیشە پاڵپشتی بوون.
لای خۆیەوە ئاری محەمەد راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ئاشتی بە 964ـی وت، هەمیشە یانەی ئاشتی بووەتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی ئاست بەرز لە نمونەی کاکە کۆژیار.
وتیشی، کۆژیار سوارە هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە کاتێک لە فێرگەی یانەی ئاشتی یاری دەکرد هەستیان بە تواناکانی کردبوو، ئەو هەرچەندە لە تەمەنی تازەپێگەیشتواندایە، بەڵام بەهۆی ئاستی بەرزییەوە لە ئاستی لاوان یارییان پێ دەکرد و هەربۆیە چاوەڕێی ئەم رۆژەیان بۆ دەکرد.
کۆژیار سوارە ساڵی 2006 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و لە ساڵی 2017 ەوە لە قوتابخانەی تۆپی پێی یانەی ئاشتی یەوە دەستی کردووە بە یاری تۆپی پێ ، بڕیارە رۆژی چوارشەممە کۆژیار سوارە روو بکاتە شاری بەغدا و بەشداری تاقیکردنەوەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بکات.
ثێداچوونەوە: توانا نەقی