بەهۆی گەرماوە پۆلیسێک لە داقوق گیانی لەدەستدا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12.8.2023، پۆلیسێکی قەزای داقوق لەکاتی بە جێگەیاندنی ئەرکەکەیدا بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە گیانی لەدەستدا.

فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، پۆلیسەکە ناوی (ر. ش. و.)ـیە و خەڵکی گوندی (سنگور)ـی سەربە قەزای داقوقە و دەکەوێتە نێوان داقوق و کەرکوک، لەو کاتەی بووراوەتەوە پلەی گەرما لە داقوق 50 پلە بووە.

روونیشیکردەوە کە پۆلیسەکە لە ئەرکدا بووە و دوای چەندین کاتژمێر وەستان بە پێوە و رێکخستنی شەقامەکان لەنزیک مەزارگەی (ئیمام زەین ئەلعابدین) بەمەبەستی پاراستنی زیارەتکاران، بەهۆی ماندوێتی و گەرماوە لە هۆش خۆی چووە و کەوتووە.

“لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی داقوق گیانی لەدەستدا”. فەرمان نەشئەت وادەڵێت، باسی لەوەشکرد کە لەکاتی لە هۆشچوونی دڵی وەستاوە و گیانی لەدەستداوە و لە ئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوەی زیاتر لە گیان لەدەستدانی ئەو پۆلیسە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق