پێنجوێن.. عەبدوڵا سێ هەنگ پێوەیدا و گیانی لەدەستدا
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە شاخێکی گوندێکی نزیک پێنجوێن پیاوێک سێ هەنگ پێوەیدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 11.8.2023 روویداوە، کاتێک عەبدوڵا محەمەد لە گوندەکەی خۆیان یاوەری هەنگەوانێکی گوندەکەی کردووە بۆ بڕینەوەی هەنگوین، بەڵام سێ هەنگ پێوەی دەدەن و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
عەبدوڵا محەمەد، تەمەنی 46 ساڵە و خێزاندارە، دوای 45 خولەک لە پێوەدانی هەنگەکان لە شاخێکی دەوروبەری گوندی (گوخڵان)ـی سەر بە قەزای پێنجوێن، دەبوورێتەوە و پاشان گیان لەدەستدەدات.
بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی پێنجوێن بێت، عەبدوڵا محەمەد نەخۆشی دڵی هەبووە.
خالید عەبدوڵا، پزیشکی توێکاری لە پزیشکی دادی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، رووداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بووە و توێکاری بۆ کراوە.
وتیشی، “ئەو پیاوە پێشینەی نەخۆشی هەیە و نەخۆشی دڵی هەبووە و نەساغ بووە”.