ناحیەی رزگاری نۆ داواکاری هەیە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
چین و توێژەکانی ناحیەی رزگاری یاداشتێکیان ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کرد و داوادەکەن ناحیەکەیان بکرێت بە قەزا و هەندێک خزمەتگوزاری دیکەیان بۆ جێبەجێبکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023، چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ژمارەیەک لە چالاکوانان و کەسایەتی ناحیەی رزگاری، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لە یاداشتێکدا کۆمەڵێک داواکاریی تایبەت بە ناحیەکەیان ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کرد.
داواکارییەکانیان ئەمانەن: بەقەزاکردنی ناحیەی رزگای، دانانی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیک لە ناحیەی رزگاری، دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان، هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، تەواوکردنی پرۆژە خزمەرگوزارییەکانی ناحیەی رزگاری، گرنگیدان بە وەرزشکاران، چارەسەرکردنی گرفتی تاپۆ، کێشەی ئاو و تەندروستی ناحیەکە.
ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، 73 گوندی لەسەرە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 70 هەزار کەس دەبێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، لە ساڵی رابردووەوە داواکاریان ئاراستەی سەروی خۆیان کردووە بۆ ئەوەی رزگاری بکرێت بە قەزا، “لەئێستاشدا سورین لەسەر داواکارییەکەمان و کاری جدی لەسەردەکەین”.