پزیشکێک وادەڵێت
ئەگەر چەوری سەر جگەرت هەیە بە تەواوی گۆشتی سوور تەرک مەکە
964+
پێشەوا محەمەد
ئەگەر تووشی چەوری سەر جگەر بوویت پێویست ناکات بە تەواوی لە گۆشتی سوور دووربکەویتەوە و دەتواندرێت بخورێت، ئەوە قسەی پزیشکێکی هەناوییە.
بە بڕوای د.زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی، کە بۆ 964 قسەی کردووە، چەند هەڵەتێگەیشتنێک لەناو هاوڵاتیانی هەرێم لەسەر چەوری جگەر هەن، “یەکێک لەوانە ئەوەیە دروستبوونی ئەو چەورییە هیچ ئازارێک دروست ناکات، بەڵام لای خۆمان دەڵێن ژێر مەمکی لای راستت ئازاری هەبێت ئەوا چەوری جگەرت هەیە”.
ئاماژە بەوەش دەدات، هەرکەس تووشی چەوری جگەر بوو وەک ئەوەی باوە پێویست ناکات گۆشتی سوور نەخوات، بەڵکو دەتوانێت بە رێژەی کەم بەردەوام بێت لە خواردنی و پزیشک رێنمایی دەکات.
“بۆ دەرخستنی چەوری سەر جگەر هیچ کام لە پشکنینەکانی چەوری خوێن دەریناخەن و پێویستی بە پشکنینی تایبەتە”، ئەوەش قسەی زانیار ئاغالە.