نانی نیوەڕۆی لەگەڵ خواردن و دیاریشی پێدان

پارێزگاری هەولێر بۆ پیرۆزبایی جەژن چووەلای بەساڵاچووان

شۆڕش قادری

پارێزگاری هەولێر  بۆ پیرۆزبایی جەژن چووەلای بەساڵاچووان، نانی نیوەڕۆی لەگەڵ خواردن و دیاریشی پێبەخشین.

ئەمڕۆ هەینی 2026.3.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی جەژن و بەسەرکردنەوەیان، نیوەڕۆی یەکەم رۆژی جەژن سەردانی بەساڵاچووانی ماڵی چاودێری بەساڵاچووانی هەولێر کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەسەرکردنەوەی ئەم توێژە و خزمەتکردنیان ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە، دەبێت هەمیشە هەست بەوە بکەن کە لە ناو خێزان و کەسوکاری خۆیاندا دەژین، ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و پڕ لە ڕێز و سۆز بۆ ئەوانە لە کارە لەپێشینەکانی پارێزگایە.

پێش ئەوەی بەجێیان بهێڵێت، ئومێد خۆشناو دیاری و هاوکاریشی بەسەر بەساڵاچوواندا دابەشکرد و دواتر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ماڵی چاودێری بەساڵاچووان کرد و ماڵئاوایی لێکردن.