زانکۆی سەڵاحەدین

کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان دەبێتە خاوەن باڵەخانەیەکی مۆدێرن

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

دوای 18ساڵ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەبێتە خاوەنی باڵەخانەیەکی مۆدێرن.

ئەو باڵەخانەیە لەلایەن رێکخراوی بەهاناوەچوونی کوەیتی دروست دەکرێت و چوار ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکراوە، بڕیار وایە مانگی 12ی ئەمساڵ تەواوبکرێت.

د. جەمیل سورچی، راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بە 964ـی وت، بڕیاربوو لە ماوەی 18 مانگدا تەواو لە مانگی 12 تەواو بکرێت بەڵام دوو بۆ سێ مانگی تری لەدوای ئەو کاتەوە پێویستە بۆ ئەوەی بەتەواوی پێداویستییەکانەوە بکرێتەوە.

کۆلێژەکە 24 هۆڵی خوێندنی تێدایە، رێژەیەکی باشی سەوزایی تێدایە و شوێنی تایبەت بە توێژینەوەی خوێندکاران و ماستەر و دکتۆرا ئامادەدەکرێت.

وتیشی، بەکردنەوەی ئەو باڵەخانە نوێیە دەتوانن ساڵانە ژمارەیەکی زیاتری خوێندکار وەربگرن و هیچ کێشەی شوێنیان نەبێت، نزیکیشە لە سەرۆکایەتی زانکۆ و زۆربەی کۆلێژەکانی تر.

کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لەساڵی 2005 لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزراوە و لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت، بەکردنەوەی ئەم باڵەخانەیە دەبێتە خاوەنی نوێترین باڵەخانە لەزانکۆی سەلاحەدین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی