ئیمانیۆل ماکرۆن:
ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکان تاڵانی دەکەن بە سزای خۆیان دەگەن
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
دۆخی فەرەنسا بەجۆرێک تێکچووە کە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی هێنایە سەر خەت و رایگەیاند، تاڵانچی و تێکدەرەکان بە سزای خۆیان دەگەن.
لەدوای چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان و پێکدادانی خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیس، ئیمانیۆل ماکۆرن وتاریکی پێشکەش کرد و وتی: ئەمشەو هەموومان هەست بە تووڕەیی و شەرمەزاری دەکەین کاتێک ئەو هەموو کارەساتە دەبینین کە لەسەر شەقامەکاندا روودەدەن.
سەرۆکی فەرەنسا دەشڵێت، “ئەوانەی تاڵانییان کرد و ئەوانەی هێرشییان کردەسەر دامەزراوە حکومییەکان پێویستە باجی تاوانەکانیان بدەن، با روون و راشکاو بم لەگەڵ تاڵانچییەکان؛ بە گورزێکی توندەوە دێین بۆتان.”
“نابێت هەرگیز خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لەگەڵ تێکدەر و تاڵانچییدا تێکەڵ بکەین چونکە خەڵکانێنک هەن بەڕاستی پێیانوایە نرخی سووتەمەنی زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی جەنگی ئێرانەوەیە،” ماکرۆن وای وت.
خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دوای ئەوە دێت کە خوێندکارانی زانکۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر نارەزایەتییان لەبارەی تێچووی بەرزی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەربڕی و دواتر گژری و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، چەند رۆژێکیشە تاڵانکردن لە شەقامەکانی فەرەنسا دەستیپێکردووە و چەندین دیمەن تۆمارکراون کە لەناو خۆپیشاندانەکاندا تاڵانی لە فرۆشگا، مارکێت و مۆڵەکاندا دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، تا ئێستا خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوە و پۆلیسی فەرەنساش دوو هەزار و 400 کەسی دەستگیرکردووە، نزیکەی هەزار کارمەندی پۆلیسیش برینداربوون.