لە سێ قەزای دهۆک رۆژانە 200 تۆن خۆراک فڕێدەدەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوای چارەسەربوونی کێشەکانیان ئێستا کۆمپانیای MRF رۆژانە 200 زبڵ و خاشاک لە سێ قەزای سنووری دهۆک کۆدەکاتەوە کە زۆرینەی خۆراکە.
بە تەنیا خەڵکی قەزی بەردەڕەش، رۆژانە 38 تۆن زبڵ فڕێدەدەن، بە قسەی ئازاد محەمەد تاهیر، سەرپەرشتیاری کارمەندانی کۆمپانیای MRF لە بەردەڕەش کە بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت: پێشتر 27 تۆن زبڵ و خاشاکمان کۆ دەکردەوە، ئێستا بووە بە نزیکەی 38 تۆن.
لای خۆیەوە یاسر حکمەت، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای MRF لە ئاکرێ بە 964ی وت، رۆژانە نزیکەی 200 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرسێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان کۆ دەکرێتەوە و دەبردرێتە کۆمپانیای ریساکلین لە ئاکرێ.
دەشڵێت: زۆربەی هەرە زۆری ئەم زبڵ و خاشاکە خواردنن کە دەگاتە رێژەی 90%ـی، ئەوەی تری هەمووی نایلۆنە.
لە بارەی ئاسن و پلاستیک و مقەواش، باسی لەوەکرد کە ئەوانە یان خەڵک خۆیان دەیفرۆشن، یانیش خەڵکانێک هەن کۆیان دەکەنەوە و دەیفرۆشنەوە.
کارگەی ریسایکلینەکەی ئاکرێ کە ساڵی 2015 دامەزراوە، ئەو خۆراکانە دەکات بە لاند فیل، کە جۆرە مادەیەکە وەک پەینی کیمیایی وایە لە بواری کشتوکاڵ بەکار دەهێندرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق