لە کەرکوک و سلێمانی

ئاسایشی سلێمانی: سێ چەکداری داعشمان دەستگیر کرد

شۆڕش قادری

ئاسایش سلێمانی دەستگیرکردنی سێ چەکداری داعشی لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک راگەیاند.

دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچوون و لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، لە مانگەکانی 4 و 6ـی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک ( سێ ) تیرۆریستی داعشیان دەستگیر کردووە”.

بەپێی راگەیەنراوەکە، “تیرۆریستان بەناوەکانی ( چ.ئـ ، ت.ب.ر ، پ.ف.س )دوای ئەوەی هەوڵی هیجرەتیان داوە بەڵام لەبەر باری ئەمنی و داخستی هەموو ڕێگاکان لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە بۆیان نەکراوە و لەپێشووتردا بڕیاری ئەوەیان داوە دەعوە بکەن و کاریان بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و نووسین و وێنەکانی داعش و فکرەی توندڕەوی بووە لە (10) پەیج و ئەکاونتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام، تەلەگرام، یوتوب).

لە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، داواکراوان دەستگیر کراون و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەداناوە کە لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، هانی گەنجان و هەرزەکارانیان داوە بۆ وەرگرتنی فکرەی توندڕەوی و چوونە ناو رێکخستنەکانی داعش.

لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 2 لەیاسای تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.