بەنداوی دەربەندیخان: خۆمان بە ئاگاداری بەردانەوەی ئاوەوە مەشغوڵ ناکەین
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەمڕۆ زیاتر لە رۆژانی ئاسایی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردراوەتەوە، ئەمە بە وتەی قایمقامی قەزاکە، بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت “خۆمان بە ئاگادارکردنەوەی کەپرە گەشتیارییەکانەوە مەشغوڵ ناکەین”.
لە ئەگەری دروستبوونی گرفتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی دیکە، بۆ قەرەبووکرنەوەی کورتهێنانی کارەبا، هەندێک جار ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەباکە، کە دەکەوێتە خوارووی بەنداوەکەوە، زیاتر بەردەدرێتەوە.
بەردانەوەی زیاد لە پێویستی ئاوی بەنداوەکە هەندێک جار گرفت بۆ گەشتیار و ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکات، کە لە رۆخی رووباری سیروانەوە نزیکن، لە مانگی رابردووشدا بەشێک لەو شوێنە گەشتیارییانەی کە لەسەر رۆخی رووباری سیروان لە سەیرانگای ژاڵەناو دروستکرابوون، بەهۆی زۆریی بەردانەوەی ئاوەوە زەرەرمەند بوون.
لەو بارەیەوە، سلێمان محەمەد سەعید قایمقامی قەزای دەربەندیخان بۆ 964′ وتی، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە لایەن وێستگەی کارەبای دەربەندیخانەوە ئاگادار کرامەوە، کە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاوی بەنداوەکە لە رۆژانی ئاسایی زیاتر بەردەدرێتەوە.
وتیشی، ئێمە پێشتر وێستگەی کارەبامان ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری بەردانەوەی ئاوی زیادە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان پێمان بڵێن، بەڵام ئەوان پێیان وتووین حاڵەتی بەردانەوەی ئاو کتوپڕە و هەرکات گرفتی بەرهەمهێنانی کارەبا دروست ببێت، پەیوەندیان پێوەدەکرێت و دەبێت کارەبا بەرهەم بهێنن.
لەو بارەیەوە 964 پەیوەندی بە سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانەوە کرد، لە وەڵامدا وتی، هەروەک رۆژانی ئاسایی ئاومان بەرداوەتەوە، لە ئەگەری بەردانەوەی ئاوی زیادەشدا خۆمان بە ئاگادارکردنەوەی کەپرە گەشتیارییەکانەوە سەرقاڵ ناکەین و چاوەڕێ نابین بزانین کێ لە ناو ئاوەکەدایە.
باسی لەوەش کرد، حاڵەتی بەردانەوەی ئاو کتوپڕە و ئەوان بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی فەرمیان بۆ دادگا و قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
964 بە مەبەستی زانینی زەرەر و زیانی بەردانەوەی ئاوی زیادەی بەنداوەکەوە، بەدواداچوونی کرد، بەڵام بەردانەوەی ئاوی ئەمڕۆ 6.8.2023 تا ئێستا بێ زیان بووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی