پۆلیسی لەسەر خنکانی دوو گەنجەکە داوایەک لە خەڵکی رانیە دەکات
964+
فەرمان سادق
ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە لە دەربەندی رانیە خنکا، ئەمەش لە کاتێکدایە چوار رۆژ پێش ئێستا گەنجێکی تریش لە هەمان شوێن خنکا بوو، لەسەر ئەم پرسە پۆلیسی راپەڕین داوا لە خەڵک دەکات بۆ سەلامەتی گیانیان روو لە ئاوەکانی سنوورەکە نەکەن.
کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە کرد کە روو لە ئاوی زێ و رووبارەکان و گۆمە ئاوەکانی ناوچەکە نەکەن بەهۆی ئەوەی بەهیچ شێوەیەک شیاو نین بۆ مەلەکردن و دەبنە هۆی مەترسی بۆ سەر سەلامەتی خۆیان.
عەمیدی پۆلیس، مستەفا رەسول بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئاوی زێی بچوک و ئەو کانیاوانەی دێنەوە سەر زێیەکە ئاوەکە زۆرجار کەم و زیاد دەکات، بە تایبەت کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی بەنداوەکانی بەردەداتەوە و هەندێکجار ئێواران ئاوی زێی بچوک رێژەکەی زیاد دەکات، بەهۆی بوونی قوڕ و لیتە و بەرزی و نزمی بنی زێیەکە، مەلەوانان گیر دەبن و ناتوانن بە ئاسانی بێنەدەرەوەی ئاوەکە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
زیاتر وتیشی “چونکە ئەم شوێنانە شیاو نین بۆ مەلەکردن بۆیە هیچ تایبەتمەندییەکی مەلەکردن لەم شوێنانە بوونیان نییە بە بەراورد لەگەڵ حەوزەکانی مەلەکردن کە شریتی سەلامەتی و جیاکردنەوەی پلە و ئاستی قوڵی ئاوەکە بونیان نابێت و دیاری ناکرێن”.
راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین لە کاتێکدایە چوار رۆژ پێش ئێستا گەنجێکی هەولێر لە دەربەندی رانیە خنکا، هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆش گەنجێکی دیکەی دانیشتووی رانیە لە هەمان شوێن خنکا و تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.