بانکی ناوەندی پلانی دابەزاندنی نرخی دۆلاری هەیە
964+
فەهمی نەبی
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو چەند رێکارێکی نوێ رادەگەیەنن، کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار، هاوکات ئەوەشی وتووە هیچ مەترسییەک لەسەر زیادبوونی نرخی دۆلار نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەمار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوویەتی، هەفتانە بانکی ناوەندی پشکی دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دابین دەکات بە بڕی سێ هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک، بە تایبەت ئەو پشکە دەدرێت بەو کۆمپانیایانەی پابەندن بە یاسای دژی سپیکردنەوەی پارە.
عەمار حەمەد ئەوەش دەڵێت، بانکی ناوەندی پێشنیازێکی بۆ گومرگەکان ناردووە، لەمەودوا هەر کاڵایەک بێتە ناو عێراقەوە پێویستە لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە تەمویلی پارەکەی کرابێت.
ئەوەشی وتووە، چەند مانگێکە پەرە بە سیستمی سەکۆی ئەلیکترۆنی دەدەن، کە دۆلار بە هاوڵاتیان دەدرێت، بە تەواوی هەموو جوڵەیەکی دۆلار لای بانکی ناوەندی دەردەکەوێت، هاوکات تەمویلکردنی بازاڕی دۆلار تەنیا بۆ چینی بازرگان و بازرگانی بچوک و گەشتیارە، لە رێگەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە.