گرافیکی 964
هەر بەڕاستی لە سلێمانی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر مەیمونێک؟
دیلان محەمەد جەزا
زیاتر لە 24 کاتژمێرە دەنگۆیەک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێتەوە، گوایە لە شاری سلێمانی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر مەیمونێک، بەڵام بە سۆراغی 964، هیچ بەڵگەیەک نییە راستی ئەو بابەتە بسەلمێنێت.
دەنگۆکە چییە؟
دەنگۆکە بەجۆرێکە گوایە کوڕێک مەیمونەکەی لە لای هاوڕێیەکی جێهێشتووە، دواتر کە بردوویەتیەوە هەستیکردووە مەیمونەکە ناساغە و کە نیشانی دکتۆری داوە، بۆی دەرکەوتووە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر.
بۆ ئەم بابەتە، 964 لە سێ کلینیکی ڤێتەرنەری کۆڵییەوە، ئەوان رەتیانکردەوە کەیسی لەو جۆرەیان بۆ هاتبێت، هەروەها وتیان، کە هاوپیشەکانیان باسی حاڵەتی وایان بۆ نەکردوون، لەکاتێکدا ئەگەر شتێک ببێت بە یەکتری دەڵێن.
رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان رەتیدەکاتەوە
هاوکات، فەرمان فازیڵ سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان بە 964ـی وت، دوای بیستنی دەنگۆکە سەرجەم ئەندامەکانیان راسپاردووە و بەزووی بەدواداچوونیان بۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان بۆ ساغ نەبووەتەوە.
بە قسەی ئەو، دەنگۆکە تەنیا بۆ دەستکەوتنی لایک و کۆمێنت بووە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی.
پۆلیس رەتیدەکاتەوە
لەگەڵ ئەوانیشدا، عەمید هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، لەم چەند رۆژەدا لە هیچ کەیسێکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئاژەڵ ئاگادار نەکراونەتەوە و خەبەریان لێی نییە.
964 سۆراغی ئەو دەنگۆیانە دەکات کە رۆژانە بە راست و هەڵە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێنەوە و بە تەکنیکەکانی رۆژنامەوانی هەوڵی ساغکردنەوەیان دەدات.