بایەعییەکەیان بڕاوە
پێنج هەزار هاوڵاتیی سلێمانی بۆ سپیکردنەوەی پارە براونەتە بەغدا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار هاوڵاتی بە فێڵ و بە بڕێک پارە، براونەتە بەغدا و کۆمپانیای حەواڵەکردنی پارەیان کراوە بەناوەوە، کە خەریکی سپیکردنەوەی پارەن، بە وتەی پەرلەمانتارێکی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.7.2023، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە بەرامبەر پێدانی 200 دۆلار بۆ هەر کەسێک، بە پاس و بە خێزانی لە سلێمانییەوە هاوڵاتیان براونەتە بەغدا و دەیان بەڵگەنامەیان پێ مۆرکردوون بەبێ ئەوەی بزانن چییە.
“ئەو هاوڵاتیانە وەکالەتیان بۆ سەدان پارێزەر کردووەتەوە تا کۆمپانیایان بە ناوەوە بکرێت، بەشێکی زۆریان ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە و بایەعییەکەشیان بڕدراوە”، سۆران عومەر وای وت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە ماوەی مانگێکدا یەک نووسینگەی حەواڵە بڕی 165 ملیۆن دۆلاری حەواڵە کردووە، بانکی ناوەندیش ئاگای لێ نییە.
سۆران عومەر زیاتر وتی، “بەشێک لەو هاوڵاتییانەی هەڵخەڵەتێندراون کۆمپانیای زەبەلاحیان بەناوەوەیە و دینار لە ماڵیاندا نییە”.