ئاردی هەولێر و بەغدا حەوت هەزار دینار جیاوازی هەیە
964+
فەهمی نەبی
وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕەکانی عێراق لە 12 هەزار تێپەڕ ناکات، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی 964 نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕی هەرێم زیاتر لە 19 هەزارە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بازرگانی حکومەتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەمساڵ عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم داهاتی هەبووە، بەمەش نرخی ئارد بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بۆ ئەو ئاردەی پێی دەوترێت ئاردی بایەعی و لەبازاڕ کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، نرخەکەی لە 12 هەزار دینار و ئاردی سفر لە 28 هەزار دینار تێپەڕ ناکات.
964 بەدواداچوونی بۆ نرخی ئاردی بایەعی لە بازاڕی ئاردفرۆشی شاری هەولێر کرد، نرخی هەر فەردەیەک لەو ئاردە لەنێوان 19 هەزار دینار بۆ 19 هەزار و 500 دینارە.
بەگوێرەی ئەم جیاوازیە بێت، نرخی هەر فەردەیەک ئاردی بایەعی لەنێوان هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراق، حەوت هەزار دینارە.
وەزیری بازرگانی دڵنیایی داوەتە هاوڵاتیان، کە کۆگاکان بەشی مانگی داهاتووشیان خۆراک تێدایە، هەربۆیە ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنی حەوتەم وەجبەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە.