"بازاڕمان کۆنترۆڵ دەکات"

کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسی کۆمپانیایەکیان لێنیشتووە

964+

ئەحمەد مستەفا

کۆمپانیایەک بەناوی (الاتحاد – ئیتیحاد) کە ماوەی دوو ساڵە دامەزراوە، گوشاری بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان هێناوە و کاریگەری لەسەر گەشەی بازاڕیان کردووە، بە قسەی خۆیان.

بەگوێرەی سۆراغی 964، ئەو کۆمپانیایە لەلایەن بەرپرس و سەرمایەداری عێراقی خاوەندارێتی دەکرێت و لەسەر رێگەی نێوان بەغداد – کەربەلا دامەزراوە و بە پێنج قۆناغ گەشە بە کارەکانی دەدات.

پلانی وایە لە قۆناغی پێنجەمدا، مریشکی کیشوەری ئاسیا دابینبکات.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964ی وت، “ئەم کۆمپانیایە ئەوەندە توانای هەیە، جاری وا هەیە سۆیا و رۆنی هەموو عێراق دابیندەکات”.

بە وتەی نازم عەبدوڵا بێت، ئەو کۆمپانیایە لە باجی گومرگی بەخشراوە و 100 دۆلاری ئەمریکیش بە 132 هەزار دینار بۆ دەگۆڕدرێتەوە هاوشێوەی نرخی بانکی ناوەندی.

قۆناغی یەکەمی کۆمپانیاکە دەستڕاگەیشتنە بە دابینکردنی ئالیک و جوجک بە نرخێکی هەرزان، تا بەرهەمەکانی بە نرخێکی کەم بخاتەڕوو کە لەنێوان 1500 بۆ 2000 دیناردایە، لە کاتێکدا لە هەرێم لە باشترین حاڵەتدا تێچوو دەچێتە 2700 دینار.

لەسەر ئەم بابەتە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان قسەی هەیە

فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964ـی وت، “ئێمەش گوێمان لێبووە کۆمپانیایەکی لەو جۆرە هەیە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر بەرهەمی مریشکی عێراق و تەنانەت هەرێمیش دروست ناکات”.

وتیشی، عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن مریشک هەیە، ئێستا 250 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت، گریمان ئەو کۆمپانیایە بتوانێت 150 هەزار تۆنی تر زیاد بکات کەواتە هەر پێداویستییەکان پڕناکاتەوە.

“ئەگەریش بۆ ئەوەبێت مەترسی دروست بکات لەسەر ساغنەبوونەوەی مریشکی کوردستان ئەوا ناتوانێت، چونکە مریشکی کێڵگەکانی کوردستان خواستی زۆریان لەسەرە هەم لە کوردستان و هەم لە ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق”، فیراس سدیق وای باسکرد.

ئەو جەختیکردەوە، بە هەموو توانایانەوە پشتگیری لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی خۆیان دەکەن و کارئاسانییان بۆ دەکەن تەنانەت لە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەیان.

لە هەرێمی کوردستاندا 1894 کێڵگەی پەلەوەری هەیە و جگە لە دابینکردنی مریشک بۆ ناوخۆی هەرێم بەشێکیشی دەنێردرێتە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق.

پێداچوونەوە: توانا نەقی