قایمقام هۆكاره‌كان بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات

ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كانى قه‌ره‌داغ ئاژه‌ڵى كێویشی سووتاندووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌ىسه‌ن

ماوه‌ى نزیكه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ سنوورى ناحیه‌ى قه‌ره‌داغ به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ده‌سووتێت و قایمقامیش چه‌ندین هۆكاری جیاواز بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات.

دوایین شوێن كه‌ ئاگرى لێمابوو، سنوورى ناحیه‌ى سێوسێنان بوو، تا دره‌نگانى ئێواره‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ بڵێسه‌ى ئاگرى لێ هه‌ڵده‌ستا.

له‌ ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ هه‌ریه‌ك ناحیەی سێوسێنان و چەند گوندێكی وەك بەڵخە، بەڵخەی سەروو، بەلەکجاڕ، گومەتە و سنوورى گڵه‌زه‌رده‌ چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە روویاندا و به‌ پێی ئامارێكیش كه‌ دارستان و ژینگه‌ى سلێمانى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و ئاگرانه‌وه‌، نزیکەی هه‌زار و 530 دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی سنوورەکە سووتاون.

چواره‌م جار بوو ئاگره‌كه‌ى گوندى به‌ڵخه‌ داده‌گیرس...

چواره‌م جار بوو ئاگره‌كه‌ى گوندى به‌ڵخه‌ داده‌گیرسايه‌وه‌

ره‌ئوف شێخ كه‌مال قایمقامى قه‌ره‌داغ، پێی وایه‌ زیانه‌كان له‌و ژماره‌یه‌ زیاتره‌ كه‌ دارستانى سلێمانى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند “جگه‌ له‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆرى ئاژه‌ڵى كێویش له‌ناو ئه‌و ئاگرانه‌دا سووتاون له‌وانه‌ش به‌راز و گورگ و چه‌قه‌ڵ و كه‌روێشك”.

قایمقامى قه‌زاى قه‌ره‌داغ چه‌ند هۆكارێك بۆ ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ باسده‌كات كه‌ سه‌ره‌كیترینیان ئه‌و گه‌شتیارانه‌ن ده‌چنه‌ سنووره‌كه‌یان و “به‌هۆى بێ سه‌لیقه‌یی خۆیان له‌ كاتى گۆشتبرژاندن ئاگر به‌جێدێڵن”.

باسی له‌وه‌ش كرد، شوانه‌كانیش هۆكارێكی دیكه‌ن، ده‌شڵێت “كۆمه‌ڵێك كه‌سی هه‌ڵپه‌رستیش كه‌ مۆڵه‌تى خه‌ڵوزكردنیان كۆتایی هاتووه‌، ئه‌و شوێنانه‌ ده‌سووتێنن بۆ ئه‌وه‌ى داره‌كان وشكبن و كاری خۆیانى پێ رایی بكه‌ن”.

ره‌ئوف شێخ كه‌مال، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ى لیكۆلێنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كان كاری خۆیان ده‌كه‌ن و دواجار ئه‌وانه‌ى هۆكارى ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ن راده‌ستی دادگا ده‌كرێن .