قایمقام ناچار بوو بەڵگەنامەکان بڵاوبکاتەوە
بۆچی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری بۆ پشدەر نانێردرێت؟
فەرهاد هەسەن
بڵاوبوونەوەی رەخنە و گلەیی هاوڵاتیان لە سۆشیاڵ میدیا، لەبارەی دابین نەکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ پشدەر، قایمقامی هێنایە دەنگ و ناچار و هەرچی هەوڵ و هیممەتی فەرمی کردووە بۆ هاوڵاتیانی بلاوکردەوە و بۆی روونکردوونەتەوە کە نەهاتنەکەی لە ناستۆی ئەودا نییە.
قائیمقامیەتی قەزای پشدەر، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، کە دوای بڵاوبوونەوەی چەند زانیاریەک دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین یاخود نەهاتنی بەنزینی 750 دیناری بۆ سنوری قەزای پشدەر، بە پێویستی دەزانێت کە بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە ئەوە روونبکاتەوە کە ؛
– بەنزینی پاڵپشتیکراو بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنیا بۆ سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت، نەک بۆ سەرجەم قەزاکانی هەرێمی کوردستان.
– قایمقامیەتی قەزای پشدەر لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژدا لە ساڵی 2025 بە هەردوو نووسراوی فەرمی 2876 لە بەرواری 9.11.2025 و ژمارە 3256 لە بەرواری 21.12.2025 دا، داوای دابینکردنی بەنزینی 750 دیناری لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کردووە و ئیدارەش دوای سێ رۆژ بە نووسراوی ژمارە 3008 لە 24.12.2025 داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ هەمان مەبەست.
– دوای بەرزبوونەوەی جارێکی تری نرخی بەنزین لە سۆنگەی هەستکردنی قایمقامیەتی قەزای پشدەر بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر هاوڵاتیان لە بەرواری 22.6.2025 بە نووسراوی ژمارە 1880 بۆ جارێکی دیکە جەختی لە دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو کردۆتەوە.
– قائیمقامیەتی قەزای پشدەر پشتیوانی داواکاری هاوڵاتیانی سنوورەکەی دەکات بۆ دابینکردنی بەنزینی 750 دیناری لەبەرئەوەی دانیشتوانی قەزاو ناحیەکانیش مافی خۆیانە هەمان بەنزینی پاڵپشتیکراویان بۆ دابین بکرێت هاوشێوەی سەنتەری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان.