پشتیوانى هەڵمەتەکەیە
کازمی هۆشداری دەدات: رێگە مەدەن هیچ لایەنێک هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن پەکبخات
964+
وریا فەتاح
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووترى عێراق، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتە بەرفراوانەکەی دەستگیرکردنی بەرپرسان و پەرلەمانتاران راگەیاند و هۆشداریدا لەوەی، رێگە نەدرێت هیچ لایەنێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی رێگری لە پرۆسەکە بکات.
کازمی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: ئەو رێکارانەی بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران گیراونەتەبەر، هەنگاوێکی گرنگن بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دەوڵەت.
جەختیشیکردەوە، شەڕی دژ بە گەندەڵی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و دەبێت یاسا بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت. داواشی کرد هەل لەو دەنگانە بسەندرێتەوە کە بەهۆی بەرژەوەندیی تەسکەوە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن و رێگری لە رێکارەکانی دەوڵەت بکەن.
لێدوانەکەی کازمی دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە بەکارهێنانی هێزی زرێپۆش و تانک، دەزگای دژەتیرۆر هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنی لەناو ناوچەی سەوزی بەغدا ئەنجامدا، کە بەشێک لە میدیاکان بە “کەشێکی هاوشێوەی کودەتا” وەسفیان کرد.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە راستەوخۆ لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرپەرشتی کرا، 47 بەرپرس و پەرلەمانتار وەک کاروانی یەکەم دەستگیرکران، ئەمەش لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بریکاری وەزارەتی نەوت بووە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان، چەند بەرپرسێکی داواکراو توانیویانە هەڵبێن، بەو هۆیەوە دەروازەکانی ناوچەی سەوز بەتەواوی داخراون و رێکارە ئەمنییەکانیش لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ رێگریکردن لە دەربازبوونی گومانلێکراوەکان توندتر کراون.