بەندکراوێک دەستی بە شیشی زیندانەکەیەوە گرتووە
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى:
“ئەو پەرلەمانتارانەى دەستگیرکراون سامانى دەوڵەتیان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکارهێناوە”
وریا فەتاح
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق وردەکاریی دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت، دەرکەوتووە چەندین پەرلەمانتار تێوەگلاون لە بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و وەرگرتنی عمولە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرایکردووە، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار (عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن) لە مانگی 10ـی ساڵی 2025ـەوە دەستیپێکردووە. ئەوەش دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە کە چەند کاندیدێک بە پاڵپشتیی کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی حکومەتی پێشوو، پارەیەکی زۆری دەوڵەتیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کردووە.
دادگاکە روونیکردووەتەوە، دوای دەستگیرکردنی بریکارەکەی وەزارەتی نەوت، دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک ئەندامی پەرلەمانی عێراق تێوەگلاون لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشە، هەروەها قازانجکردن لە گرێبەستە حکومییەکان بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ وەرگرتنی عمولە و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان و کەسانی دیکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەر داوای دادگا، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی عێراق پارێزبەندیی (حەصانە)ـی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵگرتووە. دەستبەجێ دوای گەیشتنی نووسراوەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ جێبەجێ کراوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاشکراشی کردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەیاندا، دەست بەسەر بڕێک پارە و بەڵگەی تاوانکاریدا گیراوە کە سەرپێچییەکانیان دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا بەشێک لە پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و نەگیراون.
لە کۆتاییشدا دادگاکە هۆشداری دەدات کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لە رۆژانی داهاتوودا رێکاری یاسایی بەرامبەر چەندین کەسایەتیی سیاسی و کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر.