هەولێر دەیەوێت کارەبا ببڕێت

+964

هێژا خەسرەو – هەولێر

لاوانی یانەی هەولێر دەیانەوێت لاوانی یانەی کارەبا تێپەڕێنن و لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق نزیک ببنەوە.

سبەی یەکشەممە لاوانی یانەی هەولێر لە یارییەکی گرنگدا لە یاریگە و بەردەم هاندەرانیاندا میوانداریی لاوانی یانەی کارەبا دەکات، یارییەکە لە یاریگەی دووەمی فرانسۆ هەریری دەکرێت، بردنەوەشیان لەم یارییەدا بە رێژەیەکی زۆر سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە مسۆگەر دەکەن.

رەوەند عەبدولخالق راهێنەری لاوانی هەولێر بە 964ـی وت: کارەبا رکابەری سەرەکیمانە، بە بردنەوەمان لێیان، لە قۆناخی داهاتوو نزیک دەبینەوە، یاریزانانی یانەکەشم بەڵێنی ئەوەیانداوە بە بەرزترین ئاست دەرکەون و بردنەوە بەدەست بهێنن.

هێرش عەزیز راهێنەری گۆڵپارێزانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ بەرەوپێشبردنی تیپەکەیان و ئاستی گۆڵپارێزانیشیان رۆژ بە رۆژ لە بەرەوپێشچووندایە.

لاوانی هەولێر سێیەمی خولەکەن و کارەباش چوارەمن، بە بردنەوەی هەولێر پێنج خاڵ دووردەکەوێتەوە و نزیک دەبێت لەوە ببێتە یەکێک لە هەشت یانەکەی قۆناخی داهاتووی خولی لاوانی نایابی عێراق.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا