تۆمەتبارەکە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە قۆڵبەست کراوە. فۆتۆ: ئاسایشی هەولێر
لە بەغدا بە ئۆتۆمبێلەکەی کەسێکی کوشت و لە هەولێر دەستگیر کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئاسایشی هەولێر ژنێکی دەستگیرکرد کە لە بەغدا تاوانێکی ئەنجامداوە و لە لایەن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ داواکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.7.2023، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ژنەکە بە ئۆتۆمبێل لە بەغدا لە هاوڵاتییەکی داوە و بەوهۆیەوە هاوڵاتییەکە گیانی لەدەستداوە.
“ئەم تۆمەتبارە بە مەبەستی خۆشاردنەوە بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە”، ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.
ژنەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بە پێی مادەی 36ـی هاتوچۆ لە یاسای سزادانی عێراقی.
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، “پاش دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر تا رادەست بکرێتەوە”.