هاوکارى ئەو کەسانەش دەکەن کە کۆچ دەکەن

لە هەڵەبجە ئۆفیسێک بۆ گەڕاوەکانی هەندەران کرایەوە


ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجە، ئۆفیسی تایبەت بە گەڕاوەکانی هەندەران (NRM) کرایەوە، کە ئامانج لێی هاوکاریکردن و لەباوەشگرتنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، هاوکات رێنمایی ئەو کەسانەش دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن.

نیوار بەدیع، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بە کردنەوەی ئۆفیسەکە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئامانجی سەرەکییان تێکەڵکردنەوەی ئەو گەڕاوانەیە بە ناو کۆمەڵگا.

وتیشی، “دوای گەڕانەوەیان لە هەندەران، زۆربەی بارودۆخەکان لە ناوخۆدا گۆڕانکارییان بەسەرهاتووە، بۆیە ئەو کەسانە پێویستیان بەوەیە جارێکی دیکە راوێژ و راهێنان وەربگرن، ئێمەش لەم ئۆفیسەوە پێویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.”

جگە لە پرسی گەڕاوەکان، ئۆفیسەکە کار لەسەر رێکخستنی کۆچی هاووڵاتیانیش دەکات. لەو بارەیەوە نوێنەرەکەی وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە، “هەر کەسێک بیەوێت بە شێوەیەکی یاسایی کۆچ بکات، ئێمە لێرەوە راوێژی پێدەدەین و هەوڵ دەدەین لە رێگەی یاساییەوە بیانێرینە دەرەوەی وڵات، جا مەبەستەکەیان بۆ خوێندن بێت یان بۆ کارکردن.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح