رێژەی سەوزایی لە ئاکرێ کەمترە لە 12%
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
رووبەری سەوزایی لە ئاکرێ نیوەی ئەو رێژەیەیە کە بە پێی ستانداردە ژینگەییەکان بۆ هەر شارێک دیاریکراوە، هۆبەی دارستان و پاوانی قەزاکەش دەڵێت، بڕین و سووتاندنی دارەکان یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمیی رێژەی سەوزایی لە ناوچەکە.
ئێستا رێژەی سەوزایی لە قەزای ئاکرێ کەمترە لە 12٪ و خۆی دەبێت کەمتر نەبێت لە 25%.
محەمەد ئەحمەد چۆلی، بەڕێوەبەری هۆبەی دارستان و پاوان لە ئاکرێ بە 964ـی وت، ئەوەی وای کردووە رێژەکە ئەوەند کەم بێت، زۆر هاوڵاتی هەڵدەستن بە بڕین یان سووتاندنی دارەکان، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەکانی رێگەوبان و گۆڕانکاری کەشوهەوا چەند هۆکارێکی دیکەن.
“لە ئاکرێ ئێمە دوو دارستانمان هەیە، یەکێکیان دارستانی سروشتی و یەکێکیان دەستکردە، هەروەها نەمامگەمان هەیە ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار داری تێدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئێستا ئەم رێژەیە کەمتر بووە”، محەمەد ئەحمەد چۆلی وای وت.
لە قەزای ئاکرێدا تەنیا یەک پارکی گشتی هەیە و 11 باخچەی نێو گەڕەکەکانی هەیە.
لە دهۆکیش رێژەی سەوزایی کەمە، کاروان ساڵح بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان لە دهۆک بە 964ـی وت، لای ئێمە رێژەی سەوزایی 14٪ تێپەڕناکات و نۆ پارکی گشتی هەیە و 148 باخچەی نێو گەڕەکەکانی هەیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر