40 رۆژ ناکرێتەوە

بەهۆی مانگی موحەڕەمەوە دوکانی مەی فرۆشەکان داخران

964+

کاروان ساڵحی

بۆ ماوەی 40 رۆژ بە هۆی مانگی موحەڕەمەوە بە هەموو شێوەیەک دوکانەکانی مەی فرۆشتن لە کەرکوک داخران، هەرکەسێکێش سەرپێچی بکات دەدرێت بە دادگا.

ساڵانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جیا لەهەرێمی کوردستان هەر دوکانێکی مەی فرۆشتن لە ناو مانگی موحەڕەم و رەمەزان بکرێتەوە دەدرێتە دادگا و سزای یاسایی دەدرێت،

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی گەشتیاری کەرکوک بە 964ی وت، ئەوە بڕیاری حکومەتە بۆ سەرجەم پارێزگاکان تەنیا بۆ  40 رۆژی موحەڕەم نییە بەڵکو بۆ مانگی رەمەزانیشە، هەر دوکانێکی مەی فرۆشتن لە ناو مانگی موحەڕم سەرپێچی بڕیارەکە بکات خاوەنەکەی دەستگیردەکرێت و دەدرێت بەدادگا سزای یاسایی و دارایی دەدرێت.

وتیشی، بەهەمان شێوە ئەگەر کافتیریاکان ئاهەنگی تێدا ساز بکرێت و دەنگی گۆرانی تێدا بەرزبکرێتەوە دەدرێن بە دادگا ،

سەنگەر ئەحمەد  هاوڵاتیە و بە توانجەوە بە 964ی وت، کێشەم نییە بڕێکی زۆر مەشروبم لە ماڵەوە داناوە، هەر کەسێک لێ بڕا دەستی هاوکاری بۆ درێژ دەکەم لەو رۆژە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکی مانگی موحەڕەمە و یەکی موحەڕەم رۆژێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی پشووی دەرمی دەبێت و بە سەری ساڵی ئیسلامی یان کۆچی دادەنرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی