"لە جەژن جیرانەکەی خۆم نەبینیووە"

جەژن لە گوند و لادێکان هێشتا گەرم و گوڕیەکەی ڕابردووی ماوە

دەریا ئەحمەد ــ کۆیە

لە لادێکانی سنوری کۆیە جەژنی قوربان گەرم و گوڕیەکەی لەدەست نەداوە و هێشتا بەها کۆمەڵایەتییەکان تێیدا پارێزراوە و خەڵکی ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و سەردانی یەکتر دەکەن، دانیشتوێکی گوندەکەش دەڵێت، ” لە شار دراوسێکەی خۆم نەدەبینی بەڵام لەگوند وانییە”

دانیشتوانی گوندی کاولان لە دەشتی کۆیە بە 964ـیان وت، هەر لەدوای نانی جەژن لە بەیانیان دا، دەست دەکەین بەگەڕانی کۆمەڵ بەناو ماڵەکانی لادێکەدا و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازادی لەیەکتر دەکەین.

دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن: “لە جەژندا لەشار چاوەڕێی دراوسێکەم کردووە و سەردانی نەکردووم بەڵام لە گوند وانییە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و سەردانی یەکتری دەکەین، ئەمە جگە لەوەی لە کاتەکانی تریش دا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان گەرم و گوڕترن.

باس لەوەشدەکەن، ئەگەر کەسێکیش ناخۆشی و دڵشکان لە نێوانیان روویدابێت، لە جەژندا سەردانی یەکتری دەکەن و یەکتر ئاشت دەکەنەوە، هاوشێوەی باوباپیرانمان تا ئێستا نەریتی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و تەباییمان پاراستووە.
پێداچوونەوە: شانیا بێستون