روژێکی گەشتیاران لەناو مەرزەکە دەروا

سەرەی گەشتیاران لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل کیلۆمەترێک درێژ بووەتەوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەهۆی زۆری رێژەی گەشتیاراوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلی زاخۆ  بەرەو تورکیا دروستبووە و گەشتیاران داوا دەکەن کارئاسانیان بۆ بکەن و زوو بەڕێبکرێن.

سەرەی گەشتیاران لەکوتا خاڵی دەروازەکە لەدیوی تورکیا درێژبووەتەوە تا دەگاتە دەرەوەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل، بەجورێک زیاتر لەکیلومەترێک سەرەی ئۆتۆمبێلە جوراوجورەکان درێژبووتەوە.

ئەحمەد سەعید، گەشتارێکی خەڵکی زاخۆیە بۆ گەشت بەرەو تورکیا چووە و ڤیدیۆی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، “مەعقول نییە روژێکی گەشتەکەمان لەناو دەروازەکەدا بڕوا، کەسیش نایەت و پێمان ناڵێت بابەتی گیروبوونەکە چییە، زیاتر لە 19 کاتژمێرە لەسەر پردی نێوان باشور و تورکیان”.

سەرچاوەیەک لە پاسەپۆرتی مەرزی ئیبراهیم خەلیل بە 964ـی وت، لای ئێمە هیچ کێشە و گرفتێک نییە، گەشتیاران بە ئیسراحەت دێن و مامەڵەکانیان دروستدەکەن و بەرێ دەکرێن، بەڵام لەدیوی تورکیاوە بەڕێکردن زۆر بە هێواشی دەڕوا و ئینجا نازانین گرفتیان چییە.

لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش بەڵێنیان بەگەشتیاران داوە هەماهەنگی لەگەڵ دیوی تورکیا بکەن و زوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. سەرچاوەکە وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی