له‌ شه‌ش مانگى رابردوودا

داواكاری گشتى هه‌رێم 4576 داواى تۆمار كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى داواكاری گشتى هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا رۆژانه‌ له‌ سلێمانى لاینكه‌م 20 داوایان له‌ دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ تۆماركردووه‌، كه‌مترین داواشیان له‌ هه‌ولێر بووه‌، كه‌ به‌هه‌ر شه‌ش مانگه‌كه‌ ته‌نیا 64 داوایان تۆماركردووه‌.

داواكاری گشتى هه‌رێم ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردووى ئه‌مساڵدا له‌ ته‌واوى دادگاكانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چوار هه‌زار و 576 داوایان تۆماركردون، كه‌ زۆرترینیان له‌ پارێزگاى سلێمانى بووه‌، ئه‌ویش سێ هه‌زار و 678 داوا بووه‌ن، كه‌ رۆژانه‌ لانیكه‌م ده‌كاته‌ 20 داوا تۆمار كردن.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره‌، له‌دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ 434 داوا، دهۆك 215 داوا، راپه‌ڕین 109 داوا، گه‌رمیان 76 داوا و له‌هه‌ولێریش 64 داوا له‌لایه‌ن داواكاری گشتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ تۆمار كراون.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تى داواكاری گشتى به‌ 964ـى راگه‌یاند، ته‌واوى ئه‌و داوایانه‌ى تۆمار كراون په‌یوه‌ندارن به‌ مافی گشتییه‌وه‌.

وتیشی “بابه‌تى داواكان له‌ زێده‌ڕۆیی كردن بۆسه‌ر موڵكی گشتى و گه‌نده‌ڵى و سه‌رپێچی كردنى جیاجیا و ..هتد، خۆی ده‌بینێته‌وه‌”.