"تا ئێستا هاوکارییەکان وەک پێویست نین"
دوای هەشت مانگ هێشتا خانووەکەی حاجی مەزهەر تەختی زەویە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نۆ مانگ بەر لە ئێستا، هەموان بە تەقینەوەکەی ماڵی حاجی مەزهەر کە 15 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا راچڵەکین.
لەگەڵ تەقینەوەکە دوو خانووی دیکەش زیانیان بەرکەوت، کە تا ئێستا هیچیان بەتەواوی نۆژەن نەکراونەتەوە، کامەران حەمەساڵح، دراوسێی ماڵی حاجی مەزهەر و خاوەنی یەکێک لە خانووە زیان بەرکەوتوەکان بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی زوو نەگەیشتنی هاوکارییە مادییەکان تا دوای سێ مانگ لە روودانی تەقینەوەکە نەیانتوانیوە دەستبکەن بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکەیان.
وتیشی، “تا ئێستاش هاوکارییەکان وەک پێویست نین و بەشی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەمان ناکات”.
پرسی نرخی زەوی خانوو دوای تەقینەوەی ماڵی حاجی مەزهەر لەو گەڕەکە گەرم بوو، دەوترا نرخەکان دابەزیون بەڵام خاوەنی نووسینگەیەک دەڵێت نرخەکان هەرزان نەبوون.
کەمال رەزا، خاوەنی نووسینگەی خانوبەرە لە گەڕەکی کازیوە بە 964ـی وت، “نرخەکان ئەگەر زیاد نەبووبن کەمنەبوونەتەوە و ئەوە راست نییە دوای رووداوەکە نرخی خانوو کەمبووبێتەوە”.
تەقینەوەی خانووەکەی حاجی مەزهەر وایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان رێنمایی سەلامەتی بۆ دانانی سیستمی غاز دابنێن و ئێستا هەرکەس ئەو سیستمەی هەبێت دەبێت ناوی خۆی لە قایمقامیەتی سلێمانی تۆمار بکات، لیژنەش سەردانی دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی سیستمەکەی.