لە 11 رۆژدا لە مەرزی شوشمێ دوو هەزار گەشتیار هاتوچۆی كردووە

964+

كوردستان ئەحمەد

11 رۆژە خاڵی سنوری شوشمێ كراوەتەوە، دوو هەزار گەشتیار هاتوچۆیان لە سنورەكەوە كردووە.

حەمید باران، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەبە 964ی وت، لە چوارەم رۆژی جەژنەوە خاڵە سنوریەكە كراوەتەوە، سەرەتا هاتوچۆی گەشتیار زۆر نەبوو، بەڵام دواتر زیاتر بوو، ئێستاش خاڵە سنورەیەكە كراوەتەوە و هاوڵاتیان دەتوانن بەكاریبهێنن.

رۆژانە 180 كەس بۆ 200 كەس لە مەرزی شوشمێوە وەک گەشتیار سەردانی ئێران دەكات، رۆژی واش هەیە ژمارەكە بۆ100 كەس كەم دەبێتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە وای وت.

رۆژی سێشەممە 27.6.2023، بە فەرمی مەرزی شوشمێ کرایەوە، مەرزەکە دەکەوێتە سنووری شارەدێی تەوێڵەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و کرماشان لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکەم مەرزی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە رووی رۆژهەڵاتی کوردستان

مەرزی شوشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشانەوە، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی ئێرانەوە یەكەمین ناوچە كە پێی دەگات شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.