دوای سووتانی دوو ھەزار دۆنم

ئاگرەکەی شارباژێر کۆنتڕۆڵ کرا

+964
دیلان محەمەد جەزا

درەنگانی شەوی رابردوو ئه‌و ئاگره‌ی له‌ شاخی حه‌سه‌ن به‌گ كه‌وتبووه‌وه‌، كۆنتڕۆڵ كرا.

ئاگره‌كه‌ پاش نیوەڕی رۆژی ھەینیی رابردوو، به‌ ھۆی تەقینەوەی تەقەمەنی لە شاخی حەسەن بەگ کەوتەوە و زیانی بە گونده‌كانی وڵاخلو و کونەماسی گەیاند، نزیکەی دوو ھەزار دۆنم پووش و پاوان و دار سووتاون.

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن بە 964 راگەیاند، بەھۆی بوونی چەندین کێڵگەی مینەوە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە ئەستەم بوو، چەندان رەز و باخ و هه‌روه‌ها خانوویه‌كیش سووتاون.

لە ئاگرەکەدا زیاد لە 40 پارچه‌ مین و تەقەمەنی تەقیونه‌تەوە.

لە ماوەی ھەفتەیەکدا چوار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ناحیەی گاپیڵۆن هه‌بوون.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا